ڕووسیا گۆڕانكاریی بەرچاو لە دەستووردا دەكات
ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی ڕووسیا، پڕۆژەیاسایەكی پێشكەشی پەرلەمان كردووە، كە تێیدا دەستووری وڵاتی بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕیوە و لەو گۆڕینەشدا دەسەڵاتەكانی خۆی كەم كردووەتەوە و دەسەڵاتی وەزیر و والی و سەرۆك وەزیرانی زیاد كردووە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا پەرلەمانی ڕووسیا دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بدات كە پۆتین پێشكەشی پەرلەمانی كردووە. بەشێك لە چاودێرانی سیاسی ڕووسیاش پێیان وایە، لە ١٩٩٣ەوە تاكوو ئێستا، ئەمە یەكەمجارە بەو شێوە كاریگەرە دەستووری ڕووسیا گۆڕانی بەسەردا بێت.
ناوەڕۆكی پڕۆژەیاسایەكە بۆ رای گشتی ڕووسیا بڵاو كراوەتەوە، كە لە یەكێك لە بڕگەكاندا دەڵێت ئەوەی پۆستی سەرۆك و سەرۆك وەزیران و والی، یان وەزیر و دادوەری هەبێت، لە ناسنامەی ڕووسیا زیاتر بۆی نییە ناسنامەی هیچ وڵاتێكی دیكەی هەبێت.
هاوکات لە بڕگەیەكی تردا دەسەڵاتی وەزیر و والی و سەرۆك وەزیرانی زیاتر كردووە و، لە هەندێك بابەتدا رەزامەندیی سەرۆكی وڵات بەس نییە و دەبێت رەزامەندیی ئەوانیشی لەسەر بێت.
ئەوەی بەلای خەڵكەوە زۆر گرنگە، پۆتین داوای كردووە، مووچەی خانەنشینی لە ڕووسیا بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بكرێتەوە.
باس لەوەش كراوە كە كەمترین مووچەی فەرمانبەری دەوڵەت و كەرتی تایبەت، نابێت بە شێوەیەك بێت كە ئەو كەسە نەتوانێت بژێوی ژیانی دابین بكات، بەڵكوو دەبێت مووچەكەی بەشی بژێوی ژیانی بكات.
دەسەڵاتیش دراوە بە دادگای دەستووری ڕووسیا، كە هەر بەرپرسێك بە سەرۆكی وڵاتیشەوە، ئەگەر هەر دۆسیەیەكی گەندەڵی، یان خیانەتی نیشتمانی لەسەری ساغ بووەوە لە پۆستەكەی دووری بخاتەوە.
باسنیوز
