وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: هیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە
سەرەڕای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی عێراق دەنگ بۆ پرۆژەبڕیارێک درا کە سەرجەم هێزە بیانییەکان لەو وڵاتە بکشێنەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێ، هیچ پلانێکیان بۆ کشانەوە لە عێراق نییە.

جۆناسان راس هۆفمان، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "پێموایە روونە کە رێککەوتنی گشتی لە عێراق ئەوەیە کە هێزەکانی ئەمریکا بە نیازێکی باش لە عێراقن".

یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتووشیەتی، بوونی ئەمریکا لە عێراق "لە قازانجی عێراقە و ئەمن و ئاسایشی زیاتر بۆ گەلی عێراق دەستەبەردەکات".

رۆژی 05-01-2020 پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، دەنگی لەسەر پرۆژەبڕیارێک بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان دا. دەنگدان بە پرۆژەبڕیارەکەش لەلایەن پەرلەمانی عێراق، دوو رۆژ دوای هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا بوو کە تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت کەسی دیکەش کوژران.
Top