وەزیرانی دەرەوەی ئێران و کەنەدا لە عومان کۆ بوونەوە
فرانسوا فیلیپ شامپانی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا شەوی ڕابردوودا لە مەسقەت پایەتختی عومان لەگەڵ محەمەدجەواد زەریف، هاوتا ئێرانییەکەی کۆ بووەوە.
ئەو دیدارەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە نزیک تاران بووە کە لەکۆی 176 قوربانی، 57 کەسیان کەنەدی بوون.
ئەو دیدارە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە وەزیری دەرەوەی کەنەدا شەوی پێنجشەممە لە لەندەن لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی پەیوەندیدار بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە کۆ بووەوە و هەر پێنج وڵاتی "کەنەدا، ئۆکرانیا، سوید، بەریتانیا و ئەفغانستان" داوایان لە ئێران کرد قەرەبووی بنەماڵەی قوربانییەکان بکاتەوە.
سەرۆک وەزیری کەنەدا بەر لەو دیدارە ئاشکرای کردبوو کە ئەوان بە هەرکام لە بنەماڵەی قوربانییەکان بڕی 25 هەزار دۆلاری کەنەدی دەدەن.
ئێران و کەنەدا ماوەی هەشت ساڵە پەیوەندیی دیپلۆماتیکیان پێکەوە نییە، بەڵام دیداری شەوی ڕابردوو، سێیەمین خولی گفتوگۆی نێوانیانە لە پەیوەندی لەگەڵ خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 2020.1.10 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانیا کەلە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگریی سوپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە و تێیدا نزیکەی 176 کەس کوژران کە لەناویدا هاووڵاتیانی ئێرانی، کەنەدی، ئۆکرانی، سویدی، بەریتانی و ئەفغانی بوون.
خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییە کە سەرەتا بەرپرسانی ئێرانی هۆکارەکەیان بە گرفتی تەکنیکی ڕاگەیاندبوو، لە ئاستی ناوخۆی و ناوچە و جیهاندا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و هاوکات لە ناوخۆی ئێران بووەتە قەیرانێکی دیکە بۆ ئەو وڵاتە و پاش سێ ڕۆژ سوپای پاسداران دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەکە بە "هەڵەی مرۆیی" لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئەوانەوە خراوەتە خوارەوە.
باسنيوز
