ئەمریکا و چین رێککەوتنێکی ئابووریی مێژوویی واژۆ دەکەن
ئەمریکا و چین رێککەوتنێکی ئابووریی مێژوویی واژۆ دەکەن و سەرۆکی ئەمریکاش ئاماژە بە مانەوەی بڕیاری زیادکردنی رسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەلە چینییەکان، دەدات.
رێککەوتنەکە رۆژی چوارشەممە 15-1-2020 لە کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە و لیۆ هی، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین، واژۆ کرا.
بەپێی رێککەوتنەکە، کە چاودێرانی ئابووری بە مێژوویی ناوی دەبەن، چین لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، بە بەهای 200 ملیار دۆلار کەلوپەلی ئەمریکی دەکڕێت.
لە وتارێکدا، کە بەرپرسێکی چینی لە رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە خوێندییەوە، شی چین پینگ، سەرۆکی چین، رایگەیاندووە، رێککەوتنە کاریگەریی ئەرێنی بەسەر هەموو جیهان دەبێ و دەری دەخا کە هەردوو وڵات توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان هەیە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ وتارێکی لە رێوڕەسمەکەدا پێشکەش کردووە و رایگەیاندووە، بە نیازە ”بەم زووانە“ سەردانی چین بکات و هۆشداریشی دا لەوەی بڕیاری زیادکردنی رسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەلە چینییەکان هەر کاری پێدەکرێت، چونکە ئەگەر وڵاتەکەی ئەو بڕیارە هەڵبووەشێنێتەوە، ئەوا هیچ کارتێکی بۆ گفتوگۆکان لەبەردەست نامێنێ.
ترەمپ بەڵێنی داوە دوای واژۆکردنی قۆناغی دووەمی رێککەوتنەکە، رسوماتە زیادکراوەکان لەسەر هاوردەکردنی کەلوپەلی چینی بۆ وڵاتەکەی، هەڵبگرێت.
دۆناڵد ترەمپ لەو کاتەوەی سەرۆکایەتیی ئەمریکای گرتووەتە دەست (مانگی 1ـی 2017)،بەردەوام شەڕی ئابووری لەگەڵ وڵاتان دەکات.
باسنيوز
