سێ وڵات رێگا بە باڵوێزخانەی عێراق نادەن پرسە بۆ موهەندیس دابنێ
ماڵپەڕی (سۆمەرییە نیوز) لە زاری سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی عێراقی بڵاوی کردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، سعودیە و بەحرێن بە باڵوێزخانەکانی عێراقیا راگەیاندووە، نابێ لە وڵاتەکەیان پرسە بۆ ئەبو مەهدی موهەندیس دابنێن.
دوای کوژرانی موهەندیس، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتەکەی لە جیهان کرد، رێوڕەسمی پرسەی بۆ رێک بخەن.
جەمال جەعفەر ئال ئیبراهیمی ناسراو بە ئەبو مەهدی موهەندیس، لە ساڵی 1954 لە بەسرە لەدایک بووە. خاوەن هەدروو رەگەزنامەی عێراقی و ئێرانییە و لەگەڵ ژنێکی ئێرانیش هاوسەرگیری کردووە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە، یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
