رۆیتەرز: هەردوو سەرۆكی دەزگای میتی توركیا و هەواڵگریی سووریا كۆ بوونەتەوە
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی (رۆیتەرز) لە ئاژانسی (ناسا)ی سووریا وەریگرتووە، كە بەرپرسێكی سەربازیی توركیا بەبێ ئەوەی ناوی ئاشكرا بكرێت، ئامانجی ئەو كۆبوونەوەیەی هاكان فیدان و عەلی مەملووكی ئاشكرا كردووە.
بە گوێرەی زانیارییەكان، فیدان و مەملووك لەبارەی بەرپاكردنی ئاگربەست لە ئیدلب، هەروەها بەیەكەوە كاركردن بۆ لێدان و لەناوبردنی یەپەگە و پەیەدە كۆ بوونەتەوە.
لە هەواڵەكەی (رۆیتەرز)دا هاتووە، كە هەردوو وڵات تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكەیان بۆ لێدان بووە لە یەپەگە و قسەیان كردووە كە چۆن بتوانن لە سووریا بە یەكەوە كار بكەن تا یەپەگە و پەیەدە نەهێڵن.
بەڵام مەملووك داوای لە فیدان كردووە، كە پێویستە توركیا سەروەریی خاكی سووریا بپارێزێت و رێز لە خاكەكەی و یەكگرتوویی خاكەكەی بگرێت، هەروەها پێویستە سەربازی توركیا لە خاكی سووریا بچێتە دەرەوە.
پێشتر لە میدیاكانی توركیا و جیهانی باس لەوە دەكرا، كە دەزگای هەواڵگریی سووریا و توركیا پەیوەندییان بەیەكەوە كردووە، بەڵام هیچ كاتێك وەكوو ئەو كۆبوونەوەیە نەبووە كە چەند رۆژێك بەرلە ئێستا لە نێوان فیدان و مەملووكدا ئەنجام دراوە.
(رۆیتەرز) و (ناسا) بە هیچ شێوەیەك باسیان لە كات و شوێنی كۆبوونەوەكەی فیدان و مەملوك نەكردووە، تەنیا پشتڕاستیان كردووەتەوە كە كۆبوونەكە ئەنجام دراوە و رەنگە لە داهاتوودا كۆبوونەوەی تریش ئەنجام بدەن.
باسنيوز
