فەرماندەی سوپای لیبیا رێککەوتنی ئاگربەست واژۆ ناکات
فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لییا رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی، واژۆ ناکات.
رۆژی دووشەممە 13-1-2020، مشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا و فایز سەراجی سەرۆکی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، سەردانی مۆسکۆیان کرد.
بڕیاربوو خەلیفە حەفتەر و فایز سەراج بە چاودێریی رووسیا رێککەوتنی راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست، واژۆ بکەن.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، خەلیفە حەفتەر رۆژی دووشەممە رێککەوتنەکەی واژۆ نەکردووە و داوای کردبوو تا سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 14-1-2020 مۆڵەتی پێبدەن، بەڵام رێککەوتنەکەی واژۆ نەکردووە و گەڕاوەتەوە شاری بەنغازی لە وڵاتەکەی.
شاندی حکوومەتی ویفاقی لبیا هەر لە رۆژی دووشەممەدا رێککەوتنەکەی واژۆ کردووە و رووسیای بەجێهێشتووە. شاندەکە دوای رووسیا، سەردانی تورکیا کردووە.
لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 12-1-2020، لەسەر داوای رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا و ڤلادیمێر پوتینی سەرکۆماری رووسیا، حەفتەر و سەراج شەڕیان راگرت.
دوای ئەو داواکارییەی ئەو دوو سەرۆکە، سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتی دەکا و حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، ئاگربەستیان راگەیاند.
تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنیوز
