داوای بەردەوامی ئاگربەستی لیبیا و چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە رێگەی سیاسی دەکرێت

داوای بەردەوامی ئاگربەستی لیبیا و چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە رێگەی سیاسی دەکرێت
دوای چەندین هەفتە لە هەوڵی نێودەوڵەتی، دواجار لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا لەسەر راگەیاندنی ئاگربەست رێککەوتن، هێزەکانی سەر بە خەلیفە حەفتەر دەڵێن، وەک رێزگرتن لە داواکاریی رووسیا و تورکیا پابەندی ئاگربەست دەبن.

وڵاتەکەی باکووری ئەفریقا لە ساڵی 2011وە رووبەڕووی تووندوتیژی و قەیرانی جیدی بووەتەوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە و کوشتنی موعەممەر قەزافی، سەرۆکی ئەوکاتی لیبیا.

لە نیسانی رابردووەوە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانیپێدانراوە و بارەگای سەرەکیی لە تەرابلووسی پایتەختە، لەلایەن هێزەکانی خەلیفە حەفتەر بەناوی سوپای نیشتمانیی لیبیاوە هێرشی دەکرێتەسەر.

رۆژی 6-1-2020 هێزەکانی حەفتەر توانییان شاری سێرتی ستراتیژی کۆنترۆڵ بکەن؛ رۆژی شەممە 11-1-2020، هێزەکانی حەفتەر رایانگەیاند، کاژێر 12:00 ئاگربەست رادەگەیێنن، ئەوەش وەک رێزگرتنێک لە داواکارییەکەی سەرۆکی رووسیا و سەرۆککۆماری تورکیا.

فەیاز سەڕاج، سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی کە رۆژی یەکشەممە 12-1-2020 لە ئیستەنبووڵ لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە، رایگەیاند، ئاگربەستەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە هەنگاوەکە کرد و داوای لە لایەنەکان کرد رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و دەست بە دیالۆگێكی نێوخۆیی بکەن بۆئەوەی کێشەکانیان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەن.

کۆمکاری عەرەبی هانی لایەنەکانی لیبیای دا بۆئەوەی بە وەستاندنی شەڕەوە پابەندبن و کاربکەن بۆئەوەی ئاگربەستەکە بەردەوامبێت.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی هەمان بابەت لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا و سەرۆکی فەرەنسا قسەیکرد؛ بەپێی راگەیێندراوی کرملن، ئیمانوێل ماکرۆن و جۆزیپی کۆنتێ پشتگیریی وڵاتەکانیان دەربڕیوە بۆ رێکخستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی لیبیا.

بەپێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دەستپێکی هێرشی سەر تەرابلووسەوە 280 هاووڵاتی سڤیل و دوو هەزار چەکدار کوژراون و 146 هەزار کەسیش ئاوارە بوون.
Top