وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەبێت

وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەبێت
رۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا، وردەکاریی کوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاو کردووەتەوە، کە پلانەکە لەماوەی چوار مانگدا کاری لەسەر کراوە.

هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، دوای هێرشکردنە سەر کەشتییەکی نەوت لە کەنداوی عەرەبی لە مانگی ئایاری 2019 لەلایەن ئێرانەوە، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئەوکاتی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا داوای بژارەکانی بۆ وەڵامدانەوەی ئێران لە یاریدەدەرەکانی کردووە.

یەکێک لەو بژارانە، کوشتنی قاسم سولەیمانی و ژمارەیەک سەرکردەی ئێران بووە و لە مانگی 9ـی هەمان ساڵیشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاری لەسەر چۆنێتیی کوشتنی سولەیمانی کرد.

سوپای ئەمریکا تۆڕێکی فراوانی سیخوڕی لەناو هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی دەوروبەری سولەیمانیدا دروست کرد و بەردەوام چاودێری دەکرد و بڕیاری دا لە سووریا یان لەعێراق، بیکوژێ، چونکە کوشتنی لەناو خاکی ئێران، ئاسان نەبوو.

هەروەک رۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا زانیاریی ئەوەی پێگەیشتبوو،کە قاسم سولەیمانی لە هەر گەشتێکدا، چەندین تکێتی لە کۆمپانیای جیاوازی فڕۆکەوانی دەکڕی، بۆ ئەوەی سەر لە دوژمنەکانی بشێوێنێ و بەردەوامیش دواکەس بوو، کە سەردەکەوتە ناو فڕۆکە و یەکەم کەسیش بوو، کە لێی دادەبەزی.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە سولەیمانی لە 1-1-2020 بە فڕۆکەیەک چووەتە دمەشقی پایتەختی سووریا و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل چووەتە بەیرووتی پایتەختی لوبنان و لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانی کۆبووەتەوە.

هەواڵی سەردانەکەی قاسم سولەیمانی بۆ دیمەشق و لەوێشەوە بۆ بەیرووت سات بە سات گەیشتووەتە هەواڵگریی ئەمریکا و دەزگاکە ئەوەشی زانیوە، کە سولەیمانی و نەسروڵڵا پیلانی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەکانی ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داڕشتووە.

دوای ئەوەی سولەیمانی بە فڕۆکەیەک لە بەیرووت چووەتە بەغدا، لەوێش بە یارمەتیی سیخوڕەکان، هەواڵگریی ئەمریکا ئاگادار بووە و لە فڕۆکەخانەی ئەو شارە، کوژرا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنيوز
Top