گردبوونەوەی ناڕەزایی لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامە

گردبوونەوەی ناڕەزایی لە زانکۆکانی ئێران بەردەوامە
لە دووەم ڕۆژی خۆپیشاندان و گردبوونەوە ناڕەزاییەکان لە ئێران، ئەمڕۆ دیسان لە چەند زانکۆیەکی تاران خوێندکاران دەستیان کردەوە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و لەدژی حکوومەت دروشمان گوتەوە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆ و وێنانەی کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە، ئەمڕۆ لە زانکۆکانی "تاران، پیشەزایی شەریف و بەهەشتی" خوێندکاران لە ناڕەزایی بە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، لەناو زانکۆکان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان.

خوێندکاران لە تاران هاوکات هاتوونەتە سەر چەند شەقامێکی تاران و وێڕای ئیدانەکردنی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێران دروشمی توندیان گوتەوە و هاوکات داواین لە خەڵک کردووە پشتگیرییان بکەن و تێکەڵ بە خۆپیشاندانەکان بن و نەترسن.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە لە تاران و شارە گەورەکانی دیکەی وەک تاران، ئیسفەهان، تەورێز، مەشهەد و شیراز، هێزێکی زۆری مەنی شەقامەکانیان تەنیوە و ڕیوشوێنێکی توندی ئەمنی گیراوەتە بەر و بەپێی زانیاریی تۆڕی میدیایی (بی‌‌بی‌سی) لە تاران تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزە ئەمنییەکان ڕووی داوە و چەند کەس دەستگیر کراون.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانیا کەلە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگریی سوپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە و تێیدا نزیکەی 180 کەس کوژران کە لەناویدا هاووڵاتیانی ئێرانی، کەنەدی، ئۆکرانیا، ئەڵمانی، ئەفغانی بوون.

خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییە کە سەرەتا بەرپرسانی ئێرانی هۆکارەکەیان بە گرفتی تەکنیکی ڕاگەیاندبوو، لە ئاستی ناوخۆی و ناوچە و جیهاندا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و هاوکات لە ناوخۆی ئێران بووەتە قەیرانێکی دیکە بۆ ئەو وڵاتە.

ئەو ڕووداوە بۆ حکوومەتی ئێران بووەتە قەیرانێکی ناوخۆیی و ناڕەزایی بەربڵاوی لێ کەوتووەتەوە و لە ئاستی چین و توێژەکاندا کاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و چەندان هونەرمەندی ناسراو و ئەکتەر هاتوونەتە ڕیزی خەڵکی ناڕازی و بەشداریی پرسە و سەرەخۆشیی قوربانییەکانیان کردووە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی شاری تارانیش دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.










باسنيوز


Top