هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ چەند کاتژمیرێک باڵوێزی بەریتانیایان لە تارانیان دەستگیركرد
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، شەوی ڕابردوو لە ڕیزی خۆپیشاندەراندا، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ چەند کاتژمیرێک باڵوێزی بەریتانیایان لە تارانیان دەستگیر کردووە و دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراوە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە کە "ڕاب مەکئەیر" بەبێ هۆ دەستگیر کراوە و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا و پێوەرە نێودەوڵەتی و دیپلۆماتیکەکانە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (تەسنیم) بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باڵوێزی بەریتانیا بانگ بکاتە وەزارەت لە پرسی ئامادەبوونی لەناو خۆپیشاندەران و دەستگیرکرنی بکۆڵێتەوە.
ماڵپەڕی تەسنیم ئماژەی بەوەش کردووە کە "ڕاب مەکئەیر" لە ڕێزی خۆپیشاندەران ئامادە بوو و دەستی کردووە بە ڕێکخستن و هەوڵی داوە خەڵک بۆ کاری تێکدەرانە هان بدات.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران و بەریتانیا بەهۆی هێرشی خۆپیشاندەران و لایەنگرانی حکوومەتی ئێران بۆ سەر باڵوێزخانەی بەریتانیا لە تاران، ناکۆکییان هەبووە و بۆ چەند ساڵ بەریتانیا لە تاران باڵوێزی نەبوو.
بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانیا کەلە فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران هەستابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگریی سوپای پاسدارانەوە خرایە خوارەوە و تێیدا نزیکەی 180 کەس کوژران کە لەناویدا هاووڵاتیانی ئێرانی، کەنەدی، ئۆکرانیا، ئەڵمانی، ئەفغانی بوون.
خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکە مەدەنییە کە سەرەتا بەرپرسانی ئێرانی هۆکارەکەیان بە گرفتی تەکنیکی ڕاگەیاندبوو، لە ئاستی ناوخۆی و ناوچە و جیهاندا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە و هاوکات لە ناوخۆی ئێران بووەتە قەیرانێکی دیکە بۆ ئەو وڵاتە.
باسنيوز
