بۆ یەکەمجار دۆناڵد ترەمپ بە فارسی توویت دەکات
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەسەرەتای سەرۆکایەتیمەوە من لەگەڵ خەڵکی بوێری ئێران بوومە کە ئازار و مەینەتیی زۆریان کێشاوە. ئیدارەکەم لە پاڵپشتیکردنی خەڵکی ئێران بەردەوامدەبێت.
ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات، لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و بەو بوێرییەی خەڵکی ئێران سەرسامە.
سەرۆکی ئەمریکا بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و فارسی ئەو قسانەی لە هەژماری خۆی لە توویتەر بڵاوکردوونەتەوە.
دوێنێ جارێکی دیکە لە تارانی پایتەخت و چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکەی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان بەڕێوەچوو. مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە لە توویتێکدا نووسیی، "دەنگی گەلی ئێران روونە و ئەوان بێزاربوون لە درۆ و گەندەڵیی سوپای پاسداران".
ترەمپ ئەوەی خستەڕوو، دەبێت حکومەتی ئێران رێگەبدات مافەکانی مرۆڤ چاودێریی خۆپیشاندانەکان بکەن و راپۆرت لەسەر خۆپیشاندانەکانی خەڵكی ئێران بڵاوبکەنەوە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، نابێت کۆمەڵکوژی دژی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان بکرێت یان هێڵی ئینتەرنێت بپچڕێنرێت، جیهان سەیرتان دەکات.
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە 3-1-2020، گەیشتنە لووتکە. رۆژی 8-1-2020یش فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکراینی لە تاران بە 176 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و دوێنێ 11-1-2020 ئێران دانی بەوەدا نا کە بە مووشەک خراوەتەخوارەوە.
رووداو
