لە تاران و چەند شارێکی ئێران دژی بەئامانجکردنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە خۆپیشاندان دەکرێت

لە تاران و چەند شارێکی ئێران دژی بەئامانجکردنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە خۆپیشاندان دەکرێت
لە ئێوارەی رۆژی شەممەوە خۆپیشاندان لە زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران دژی تێکشکاندنی فڕۆکە ئۆکراینییەکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستیپێکرد و لەچەند شارێکی دیکەی ئێرانیش خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

سەدان کەس لە خوێندکارانی زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران ئێوارەی ئەمڕۆ لەبەردەم زانکۆکەیان کۆبوونەوە و درووشمیان دژی بەئامانجکردنی فڕۆکەکە دەدا. دواتر لە زانکۆی سەنعەتی شەریفی تاران و چەندیش شوێنی پایتەختی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

لە سی و سێ پۆلی شاری ئەسفەهانیش ژمارەیەک خەڵک کۆبوونەوە و دژایەتی خۆیان بۆ بەئامانجکردنی فڕۆکەکە دەربڕی. لەشاری رەشت لە باکووری ئێران بە هەمانشێوە ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو و ژماتەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی ئەبوعەلی سینای شاری هەمەدانیش گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانیش هاونیشتمانیان لە ئاویەر کۆبوونەوە و مۆمیان بۆ قوربانیانی رووداوەکە داگیرساند.

رۆژی 8ـی کانوونی دووەمی 2020 فڕۆکەیەکی ئۆکراینی لە فڕۆکەخانەی "ئیمام خومەینی"ـی تاران پاش شەش خولەک لە هەڵسان، کەوتەخوارەوە و 176 کەس گیانیان لەدەستدا. 147 کەسیان ئێرانی بوون کە ژمارەیەکیان وڵاتینامەی کەنەدایان هەبوو، لەو ژمارەیەش 10 کەسیان کورد بوون.

دوای سێ رۆژ لە رەتکردەنەوەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە بە مووشەک لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە، دواجار سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 11-1-2020 فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهەڵە خراوەتەخوارەوە و ئەوان بەرپرسیارن، ئەوەش ناڕەزایەتییەکی تووندی لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لێکەوتووەتەوە.
Top