پوتین و مێرکڵ گفتوگۆ لەبارەی رەوشی عێراق دەکەن
سەرکۆماری رووسیای فیدراڵ و راوێژکاری ئەڵمانیا گفتوگۆ لەبارەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق دەکەن.
بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 11-1-2020، ئەنجێڵا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ئەو وڵاتە، کۆ ببێتەوە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرملین) رایگەیاندووە، بەشێک لە گفتوگۆکانی پوتین و مێرکڵ، تایبەت دەبێ بە رەوشی عێراق و ئێران دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە.
قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بارودۆخی لیبیا، دوو تەوەری دیکەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی رووسیا و راوێژکاری ئەڵمانیا دەبن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
