داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە لە تاران دەکرێت
داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە رووداوی ئاگرگرتن و تێکشکانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، کە لە تارانی پایتەختی ئێران تێک شکا، دەکرێت.
فادیم بریستایکۆ، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، فڕۆکە تێکشکاوەکە یەکێک بوو لە باشترین فڕۆکەکانی وڵاتەکەی و تیمێکی فڕۆکەوانیی نایابی هەبوو.
هەروەها ئۆلیکسی گۆنشارۆک، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران دەکەن، بۆ ئەوەی تیمێکی ئۆکرانی بچێتە شوێنی رووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە بکات.
هەر لەبارەی تێکشکانی فڕۆکە ئۆکرانییەکەوە، جاستن ترۆدۆ، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا داوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی نێودەوڵەتی کردووە.
ئێران رەتی کردووەتەوە سندووقە رەشەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکە رادەستی هیچ لایەنێک بکات.
دوای رووداوەکە، رۆژنامەی (دەیلی مەیل)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانی بڵاوی کردەوە، کە ئەگەر هەیە فڕۆکەکە بە هەڵە یەکێک لەو مووشەکانەی بەرکەوتبێ، کە ئێران بەهۆیانەوە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بۆردومان کرد.
میدیاکانی ئێران رەتی دەکەنەوە فڕۆکەکە بە مووشەک پێکرابێ و باس لەوە دەکەن، کە فڕۆکە ئۆکرانییەکە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە ئاگری گرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری ئۆکرانی بە 180 گەشتیارەوە لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و بە هۆیەوە هەموو سەرشینەکانی گیانیان لەدەست دا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.
محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
