12 کەسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تێکشکانی فڕۆکەکەی تاران گیانیان لەدەستدا

12 کەسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تێکشکانی فڕۆکەکەی تاران گیانیان لەدەستدا
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، فڕۆکەیەکی هێڵی تاران - کییەف شەش خولەک دوای هەستان لە فڕۆکەخانەی تاران، لە نزیک شاری شەهریار لە پارێزگای تاران کەوتەخوارەوە. تەواوی 176 کەس سەرنشینی فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا کە 12ـان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

ئەوانەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن پێنج کەسیان خەڵکی مەهابادن، دایکێکی دووگیانی کرماشانی و هەروەها بنەماڵەیەکی سێ کەسی خەڵکی سەقزن. دوو کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کە لە کەنەدا نیشتەجێبوون.

بەدەر لەو هاونیشتمانییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەک هاووڵاتی ئەفغانستان، ئەڵمانیا، سوێد، ئۆکراینا و کەنەداش گیانیان لەدەستدا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا فڕۆکەکە لە ئاسمان گڕیگرتووە و کەوتووەتە خوارەوە.

تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی کۆکردنەوەی پاشماوەی سەرنشینەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و دیاریکردنی شوناسیانن. فڕۆکەکە کە لەجۆری بیۆنگ ـە، هیچی وای لێبەجێنەماوە.

رەزا جەعفەرزادە، گوتەبێژی رێکخراوی فڕۆکەوانی ئێران دەڵێت "فڕۆکەیەکی فڕۆکەوانی ئۆکراینا، لە هێڵی تاران کیێف کاژێر 06:12 خولەک، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئیمام خومەینی بەرەو کیێف بەجێهێشتووە، چەند خولەک دوای هەستانی لە کاژێر 06:18 خولەک کێشەی بۆ دروستدەبێت و دەکەوێتەخوارەوە".

بەرپرسان هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە، بەڵام محەممەد ئیسلامی، وەزیری رێگەوبان گوتوویە دەبێ بەوردی لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەکە بکرێت.

بنەماڵەی رزگار رەحیمی، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ کە حەوت ساڵ لەمەوبەر بۆ وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا چوبووە کەنەدا، هەروەها دوو دکتۆری هاوژین کە یەکێکیان ناوی دکتۆر ئاروین ـە و خەڵکی سنەیە لەنێو قوربانییەکاندان.
Top