ئەنجوومەنی ئەمنیی ئیسرائیل تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەکات

 ئەنجوومەنی ئەمنیی ئیسرائیل تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران دەکات


ئەنجوومەنی ئەمنیی ئیسرائیل (حکوومەتی بچوککراوە) کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020، حکوومەتی بچوککراوی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ، کۆ ببێتەوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەنجوومەنەکە تاوتوێی دوایین پەرەسەندنەکانی دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و هێرشە مووشەکییەکەی ئێران، دەکات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8-1-2020، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشانەوە، ژمارەیەک مووشەکی (سوپای عێراق دەڵێت 22 مووشەک بووە) ئاراستەی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سنووری پارێزگای ئەنبار (17 مووشەکیان لە پارێزگای ئەنبار کەوتە خوارەوە) و پارێزگای هەولێر (یەک مووشەک لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە، چوار مووشەکیش دیار نییە لە کوێ کەوتوونەتە خوارەوە) کرد.

محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، هێرشەکە وەەک تۆڵەکردنەوەیەک بوو بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئیدی وڵاتەکەی هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئەمریکا، تەنیا بەرگریی لەخۆی دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.

بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.

قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.








باسنيوز
Top