فەرەنسا داوا لە هاووڵاتیانی دەکا سەردانی ئێران نەکەن
حکوومەتی فەرەنسا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکا سەردانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە بارودۆخی ئێران دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، وا پێویست دەکا هاووڵاتیانی فەرەنسا سەردانی ئێران نەکەن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی ئێستا لە ئێرانن و ناتوانن بگەڕێنەوە، پێویستە زیاتر ئاگاداری خۆیان بن و لە ئەگەری هەر رووداوێک، باڵوێزخانەی وڵاتەکەیان لە تاران، ئاگادار بکەنەوە.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
