حوسییەکانی یەمەن دژی کوشتنی سولەیمانی خۆپیشاندان دەکەن

حوسییەکانی یەمەن دژی کوشتنی سولەیمانی خۆپیشاندان دەکەن
لە سەنعای پایتەختی یەمەن گرووپی ئەنساروڵڵای سەر بە حوسییەکان گردبوونەوەیەکی جەماوەریی دژی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی قەیلقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رێکخست و پاڵپشتیی خۆی بۆ تاران راگەیاند.

تاوەکو ئێستا ئەم خۆپیشاندانە کە گرووپی ئەنساروڵڵا لە سەنعا رێکیخست، یەکەم هەڵوێستی فەرمی و جەماوەرییە لەو وڵاتە. گرووپەکە کوژرانی سولەیمانیی سەرکۆنەکرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ تاران راگەیاند کە هاوپەیمانی ستراتیجیی گرووپەکەیە.

حەموود عەباد، سەرکردەی حووسی و سەرۆکی شارەوانیی سەنعا راگەیاند، "خوێنی هەردووکیان دەبێتە سووتەمەنی و وزەی نوێ کە خۆراگریی و ورە و بەرپرسیارێتیمان پێدەبەخشێت، بۆئەوەی بە راستی و راشکاوانە رووبەڕووی ئەم بەخۆزلزانینەی ئەمریکا و زایۆنیست ببینەوە کە لەمەودوا هیچ کات ئەمریکا لە نێو ئێمە و لە ناوچەکەماندا ناحەوێتەوە."

خۆپیشاندانەکە تەنیا دەربڕی هەڵوێستی حوسییەکان نییە، چونکە پێشتر چەند سەرکردەیەکی باڵای گرووپەکە لێدوان و راگەیێندراویان بڵاوکردەوە.

عەبدولقادر سەلام، سیاسەتڤانی یەمەنی ئاماژە بەوە دەکات، "لەو باوەڕەدام کاردانەوەکان لە رووی دەنگ و راگەیاندنەوە گونجاونین لەگەڵ کاردانەوەی کارداری لەسەر زەوی. لەو باوەڕەشدا نیم ئێران، حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا لە یەمەن هیچ کات وەڵامبدەنەوە، چونکە گوتەکانی ترەمپ روون و راشکاوانە بوون؛ ئەوانیش بەشێوەیەکی سەرەکی ملکەچی هەڕەشەکانی ئەمریکا دەبن و پێشبینی ناکەم کاردانەوە ببێت."

ئەم جوڵانەی حوسییەکان ئاشکرای دەکەن کە پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ ئێران لە هەماهەنگی زیاترە و لە بەیەکبەستنەوەی چارەنووسەوە نزیکە. لەکاتێکدا شەقام لە یەمەن لە ئەنجامەکان دەترسێت کە رەنگە قەیرانەکەیان ئاڵۆزتر بکات و تەمەنی جەنگ درێژتر بکاتەوە.

بەپشتبەستن بە کاردانەوە و پێشبینییەکان و ئاماژە پێشوەختەکان، رۆژانی داهاتوو دەرئەنجامی رووداوەکان ئاشکرادەکەن. پرسیارەکەش لێرەدا ئەمەیە، ئاخۆ هێورکردنەوە لەگەڵ سعوودییە بەردەوام دەبێت یاخوود ئەم رووداوە ململانێکە بەراورد بەوەی هەبوو، گەورەتر دەکات؟
Top