یابان هێزێکی سەربازی دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سوپای یابان هێزێک دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرپرسێکی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، کوژرانی سولەیمانی کاریگەریی ناکاتە سەر ناردنی هێزەکە.
یوشیهیدی سوغا، گەورە راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانی یابان بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دەکەن.
یوشیهیدی سوغا هەروەها رایگەیاندووە، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر پلانی ناردنی هێزێکی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەهاتووە.
لە کۆتایی مانگی 9ـی 2019، حکوومەتی یابان رایگەیاند، هێزێک بە فڕۆکەی جەنگییەوە دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و رێڕەوی کەشتیوانی لە کەنداوی عەرەبی، کە وڵاتەکەی %90ـی نەوتەکەی لەو ناوچەیە دابین دەکات.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
