ترەمپ: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی
ترەمپ ئەم نووسینەی لە هەژماری خۆی لە (تویتەر)دا بڵاو كردووەتەوە، بە شێوەیەكی نووسیویەتی كە ئێران نە ئێستا خاوەنی تەكنەلۆژیای چەكی ئەتۆمیە و نە لە داهاتووشدا دەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر لە زۆر بۆنەی جیادا ئێران تۆمەتبار كراوە بەوەی بە نهێنی قۆناخەكانی بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی بڕیوە و خاوەنی چەكی ئەتۆمیە یان بەم زووانە دەبێتە خاوەنی ئەم چەكە.
ترەمپ بەم نووسینەی زۆرێك لەو مەترسیانەی جیهان دەڕەوێنێتەوە كە لە بەرانبەر ئێران هەیانە، بە تایبەتییش مەترسیە بەردەوامەكانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
جگە لەوەی بەشێكی ئابڵوقە ئابوورییە بەردەوامەكانی ئەمریكا و سزا نێودەوڵەتییەكانی سەر ئێران بە تۆمەتی هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی خراونەتە سەر ئەم وڵاتە.
جێی باسە دوێنێ یەكشەممە دەوڵەتی ئێران رایگەیاند كە چیتر پابەندی ئەو ڕێككەوتننامە ئەتۆمیە نابن كە لەگەڵ ئەمریكا و ئەورووپادا هەیانە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بەرزتریش دەكەنەوە.
باسنيوز
