وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵات لە دژی تورکیا کۆ دەبنەوە
بڕیارە کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە 8-1-2020 لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوە بچێت و تێیدا چەند پرسێکی پەیوەندیدار بەو وڵاتانە، تاوتوێ بکرێن.
وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا، ئیتاڵیا، یۆنان، قوبرسی یۆنانی و میسر بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکەن، کە دوای راگەیاندنی ناردنی سەربازی تورکیا لەلایەن رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری ئەو وڵاتە، بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، دەبەسترێت.
لەو کۆبوونەوەیەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە تاوتوێی چەند تەوەرێک دەکەن، کە بریتین لە؛
- بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی
- بارودۆخی گشتیی لیبیا
- رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەی لیبیا
- رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەنگاوانەی کێشەی لیبیا ئاڵۆزتر دەکەن
رۆژی پێنجشەممە 2-1-2020، پەرلەمانی تورکیا رەامەندیی لەسەر داوای ناردنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی ویفاقی لیبیا، دا، کەرەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا داواکەی لە پەرلەمان کردبوو.
تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنيوز
