فەرماندەیەکی باڵای ئێران: بە کوشتنی ترەمپیش رازی نابین
عەلی حاجیزادە، فەرماندەی هیزی ئاسمانیی سوپای پاسداران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، تۆڵەکردنەوەی خوێنی قاسم سولەیمانی، بە نەمانی ئەمریکا لە رۆژهڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی، دەبێت.
عەلی حاجیزادە هەروەها رایگەیاندووە، وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی بۆ کوشتنی قاسم سولەیمانی بە مووشەکێک و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان نابێ، ”تەنانەت کوشتنی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاش بەس نییە“.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
