وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەیاننامەیەکی هاوبەشيان بڵاو دەکەنەوە
ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی بەیاننامەیەک لەبارەی بارودۆخی عێراق و کوژرانی قاسم سولەیمانی، بڵاو دەکاتەوە.
عەبدوللەتیف زەییانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە، بە نیگەرانییەوە چاودێریی بارودۆخی ترسناکی عێراق دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، دەکەن.
عەبدوللەتیف زەییانی داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە ئارام ببنەوە و بارودۆخەکە زیاتر ئاڵۆز نەکەن و کێشەکە بە رێگای سیاسی چارەسەر بکەن، چونکە دەرەنجامی کێشەکان کاریگەریی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو ناوچەکە دەبێت.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
