ئەردۆغان: دەستمان بە ناردنی سەرباز بۆ لیبیا کرد

 ئەردۆغان: دەستمان بە ناردنی سەرباز بۆ لیبیا کرد


سەرکۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، کە دەستیان بە ناردنی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی بۆ لیبیا، کردووە.

لە چاوپێکەوتنی دوو کەناڵی وڵاتەکەی، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا رایگەیاندووە، هیچ گوێ بە سەرکۆنەکردنەکەی سعودیە نادەن، کە سەرکۆنەی ناردنی هێزی سەربازیی تورکیای بۆ لیبیا کرد، ”هیچ بەهایەک بۆ سەرکۆنەکردنەکە دانانێین، بەڵکو ئێمە سەرکۆنەی سەرکۆنەکردنەکەی سعودیە دەکەین“.

رەجەب تەییب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە، دەستیان ناردنی سەربازی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا کردووە و ”بە چەند قۆناغێک سەربازەکان دەنێرین“.

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوپای وڵاتەکەی هەوڵی سەقامگیری لە لیبیا دەدات.

رۆژی پێنجشەممە 2-1-2020، پەرلەمانی تورکیا رەامەندیی لەسەر داوای ناردنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی ویفاقی لیبیا، دا، کەرەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا داواکەی لە پەرلەمان کردبوو.

تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.




باسنیوز
Top