قەیس خەزعەلی: ئەگەر ئەمریکییەکان نەچنە دەرەوە زەوی و ئاسمانیان لێ دەکەین بە ئاگر
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھل حەق لە وتارەکەیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بە "گەمژە" ناوبرد و گەتیشی "هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق وەدەردەنێین و لە کوشتنی سەرکردە و برادەرەکانمان بێدەنگ نابین".
لەبارەی بڕیاری پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق خەزعەلی ئاماژەی بەوە کرد، بە کشانەوەی ئەمریکییەکان دۆخی عێراق تێکناچێت و بڕیاری ئەمڕۆی (یەکشەممە 5-1-2020) پەرلەمان گرنگترین بڕیاربووە لە مێژووی پەرلەماندا و گوتیشی "ئەوانەی دەنگیان بە چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکان نەدا شەرەفمەند نین".
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەھل حەق جەختی لەوە کردەوە، تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکەنەوە.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودس، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و چەند کەسێکی دیکە و لەئەستۆگرتنی کردەوەکە لەلایەن ئەمریکاوە، هەڕەشە و گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا رووی لە هەڵکشانی زیاتر کردووە، بەشێوەیەک کە راستەوخۆ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی یەکتری دەکەن.
