تاران.. باڵوێزی سویسرا بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران

 تاران.. باڵوێزی سویسرا بانگ کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ماکورس لایتنز، باڵوێزی سویسرا لە تاران کە وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە دێتە ئەژمار، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئیرانەوە بانگ کراوە و لەبارەی لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ هۆشدارییان داوە.

لەمبارەوە ماڵپەڕی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا هەڕەشەی کردبوو کە 52 شوێن و خاڵی ئێران دەستنیشان کراون و دەکرێنە ئامانج ، لەوانە ئەو ناوەند کولتووریانەی کە بۆ ئێران گرنگییان هەیە.

بەپێی هەمان سەرچاوە عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران، باڵوێزی سویسرای بانگهێشت کردووە و نیگەرانیی وڵاتەکەی لە لێدوانە هەڕەشەئامێزەکانی ترەمپ دەربڕیوە و ئاشکرای کردووە ئەو گوتانە پێشێلکاریی یاسا و بنەما و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانن.

عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەو گوتە دوژمنکارانە و نانۆرمانەی سەرکۆماری ئەمریکا، بە هیچ لەونێک قەبووڵکراو نین و لەڕاستای پێشێلکردنی یاکجارەکیی یاسا نێودەوڵەتییەکاندان"

لەبارەی ئەو گوتەیەی دۆناڵد ترەمپ کە دەڵێت هێرش دەکەینە سەر دامەزراوە کولتوورییەکان، دەڵێت: "ئەمە وەبیرهێنەرەوەی هێرشی مغۆل، یان هەوڵی گرووپە تیرۆریستییەکان کە ناوەندە کولتووری و مێژوویەکان تێک دەدەن و بەرانبەرە لەگەڵ تاوانی شەڕ."

دوێنێ باڵوێزانەی سویسرا لە تاران ئاشکرای کرد کە نامەیەکی ئەمریکایان داوەتە ئێران و هاوکات وەڵامی ئێرانیشیان بە ئەمریکا گەیاندووە.

دوای کوژرانی قاسم سلێمانی لەلایەن ئەمریکاوە بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی هەردوولا بە شێەی توند هەڕەشەی کاردانەوەی توندی سەربازییان لە یەکتر کردووە و بەتایبەت ئێران بڕیاری داوە بە توندی تۆڵەی کوژرانی ئەو فەرماندە سەربازیەی بکاتەوە.

باڵوێزخانەی سویسرا لە تاران، لە ساڵی 1980ەوە کە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا تێک جوون، وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران دێتە ئەژمار و کاروبارە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانیان ڕادەپەڕێنێت.

Top