وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لێدوانێکی توند لەبارەی سولەیمانییەوە دەدات
ئەمڕۆ یەکشەممە 5-1-2020، دۆمینیک راب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاندووە، هیچ لایەنێک نایەوێ شەڕێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبگیرسێ.
دۆمینیک راب هەروەها رایگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەنەکان، کە زیاتر مەبەستی ئەمریکا و ئێرانە، بارودۆخەکە هێور بکەنەوە و لە شەڕ دوور بکەونەوە.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی قاسم سولەیمانییەوە، رایگەیاندووە، ”سولەیمانی مایەی هەڕەشەیەکی هەرێمی بوو لەسە ناوچەکە“.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 3-1-2020، سوپای ئەمریکا لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، کاروانێکی چەکداریی حەشدی شەعبی لە فڕۆکەخانەی بەغدا بۆردومان کرد.
بەهۆی بۆردومانەکەوە، هەریەکە لە ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و نۆ بەرپرس و چەکداری دیکەی حەشدی شەعبی، کوژران.
قاسم سولەیمانی، کە لە 11-3-1957 لە گوندی قەنات مەلەک لە شاری کرمان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران لە دایک بووە. سولەیمانی یەکێک بوو لە فەرماندە و بڕیاربەدەستە باڵاکانی ئێران.
باسنيوز
