ترەمپ هۆشداری دەداتە ئەردۆغان لە "دەستوەردانی دەرەکی" لە لیبیا

ترەمپ هۆشداری دەداتە ئەردۆغان لە
کۆشکی سپی رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆککۆماری تورکیا، ترەمپ هۆشداری داوەتە ئەردۆغان لە ئەگەری "دەستوەردانی دەرەکی" لە لیبیا.

كاژێر 14:00ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، په‌رله‌مانی توركیا دەستی بە تاوتوێکردنی پرۆژه‌پێشنیازی ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ لیبیا كرد و كاژێر 17:35 خوله‌ك پرۆژه‌پێشنیازەکە خرایه‌ ده‌نگدانەوە و له‌ئه‌نجامدا به‌ 325 ده‌نگی به‌ڵێ و 184 ده‌نگی نه‌خێر، په‌رله‌مانی توركیا ره‌وانه‌كردنی هێزی سه‌ربازی بۆ لیبیا په‌سندكرد.

دوای پەسندکردنی ناردنی هێز بۆ لیبیا لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە، ئاژانسی فه‌رمیی توركیا بڵاویكرده‌وه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئه‌نجامداوە.

له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، ئه‌ردۆغان و تره‌مپ تاوتوێی په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، له‌ سه‌روویانه‌وه‌ دوایین دۆخی لیبیا و سووریایان كرد.

رۆژی 30-12-2019 پرۆژەپێشنيازى ناردنى هێزى سەربازى بۆ ليبيا لەلايەن سەرۆكايەتیی كۆماری تورکیا پێشكەشى پەرلەمان كرا.

پرۆژەپێشنيازەكەى سەرۆكايەتیى كۆمارى توركيا جەختى لەسەر ئەوە دەکردەوە، ئەم داواكردنە لە چوارچێوەى رێككەوتننامەی ئاسايش و هاوئاهەنگی سەربازييە، كە لەگەڵ حكومەتى ويفاقى نيشتيمانى ليبيا واژۆكراوە.

بە گوێرەى رێككەوتننامەكە، ئەگەر هاتوو ليبيا رووبەڕووی هەر هەڕەشەيەكى سەربازی بووەوە و پێويستى بە دامەزراوەییكردنى سوپاكەى لەڕووى ديسپلين و راهێنانى سەربازى و راوێژكارى بوو، ئەوە توركيا هاوكارى سەربازى دەكات.

له‌ پرۆژه‌ پێشنیازه‌كه‌دا هاتبوو،‌ "حكومەتى ويفاقى نيشتيمانى ليبيا داواى هاوكارى سەربازى توركياى كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوى هەڕەشەكانى سەر سەقامگيرى و يەكپارچەيى خاكى ليبيا، رێكخراوە تيرۆريستييەكانى داعش، ئەلقاعيدە، گرووپە چەكدارەكانى دەرەوەى ياسا و كۆچى ناياسايى".
Top