ئینتەرپۆڵ داوای دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی نیسان دەکات

ئینتەرپۆڵ داوای دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی نیسان دەکات
ئینتەرپۆڵ داوای دەستگیرکردنی کارلۆس غوسن لە حکومەتی لوبنان دەکات. بەگوێرەی میدیاکان، داواکاری ئینتەرپۆڵ بۆ دەستگیرکردن و رادەستکردنی غوسن گەیشتووەتە دەستی هێزە ئەمنییەکانی لوبنان، بەڵام هێشتا ئەو داوایە نەگەیشتووەتە دادگا.

ئەوەی ئینتەرپۆڵ داوای دەکات جێبەجێکردنی ئاسان نییە، چونکە لوبنان هیچ رێککەوتنێکی لەگەڵ ژاپۆن نییە بۆ رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو و فەرەنساش دەڵێت، ئەگەر غوسن بچێتە ناو وڵاتەکەی ئەوا رادەستی ناکات.

کارلۆس غوسن لە ژاپۆن تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی مامەڵەی خراپی ئابووری و شەوی سەری ساڵی نوێ گەیشتە بەیرووت. باوەڕوایە ئەو فڕۆکە تایبەتەی غوسنی گواستووەتەوە لوبنان سەرەتا چووەتە ئیستەنبووڵ و ئەوەش وایکردووە بەرپرسانی تورکیا دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن.

میدیای تورکیا دەڵێت، تاوەکو ئێستا 7 کەسی پەیوەندیدار بەو بابەتە دەستگیرکراون، لەوانەش 4 فڕۆکەوان، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک و دوو کارمەندی فڕۆکەخانە.

هەندێک راپۆرت ئاماژە بەوەدەکەن، غوسن خۆی لەناو سندووقێکی گەورەی ئامێری میوزیکیدا شاردووەتەوە و بەو جۆرە دەرچووە، بەڵام هاوژینەکەی دەڵێت، ئەو راپۆرتانە لە راستییەوە دوورن.

کارلۆس غوسن بیزنیزمانێکی فەرەنسییە، لە بەرازیل لەدایکبووە و باووباپیری خەڵکی لوبنانن، وڵاتینامەی هەرسێ وڵاتەکەشی هەیە و وەبەرهێنانێکی زۆری لە بواری بانک و خانووبەرە لە لوبناندا کردووە.

غوسن وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکانی میشلن، رینۆڵت، ئاڤتوڤاز، نیسان و، میتسوبشی کاریکردووە، بەڵام ساڵی 2018 لە ژاپۆن تۆمەتی مامەڵەی نەشیاوی ئابووری درایە پاڵ.
Top