کۆشکی سپی: کۆریای باکور تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجام بدات رێوشوێنی بەرامبەر دەگرینەبەر
ئەمریکا زۆر نائومێد دەبێت ئەگەر کۆریای باکور تاقیکردنەوەی موشەکی مەودا فراوان یاخود موشەکی ناوەکی ئەنجام بدات
رابەرت ئۆبراین، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ABCی نیوز-ی ئەمریکی رایگەیاند، ئەمریکا زۆر نائومێد دەبێت ئەگەر کۆریای باکور تاقیکردنەوەی موشەکی مەودا فراوان یاخود موشەکی ناوەکی ئەنجام بدات، لەوکاتەدا "رێوشوێنی گونجاو دەگرینەبەر".
واشنتن شتی زۆری پێیە لە گیرفانیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە، کە کۆریای باکور پەنایان بۆ دەبات
ئاماژەی بەوەشکرد، "واشنتن شتی زۆری پێیە لە گیرفانیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە، کە کۆریای باکور پەنایان بۆ دەبات".
لەپاش ئەوەی لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا، کۆبونەوەی لوتکەی دوەمی نێوان دۆناڵد ترومپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و کیم جونگ ئون، رێبەری کۆریای باکور شکستیهێنا، دانوستانەکانی نێوان ئەو دو وڵاتە لەبارەی داماڵینی چەکی ئەتۆمیەوە وەستێنرا، هاوکات مۆڵەتی تا کۆتایی ئەمساڵی دایە ئەمریکا ئەگەرنا تەواوی دانوستانەکانی هەڵدەپەسێرێت.
مافی خۆمانە بڕیارێکی گونجاو بدەین، بەڵام ئەمریکا ڕیوشوێن دەگرێتەبەر، وەک چۆن لەم بارودۆخانەدا کردومانە
ئۆبراین وتیشی، "مافی خۆمانە بڕیارێکی گونجاو بدەین، بەڵام ئەمریکا ڕیوشوێن دەگرێتەبەر، وەک چۆن لەم بارودۆخانەدا کردومانە، ئەگەر کۆریای باکور لەسەر ئەم ڕێڕەوە بڕوات ئەوا هەست بە نائومێدییەکی زۆر دەکەین و دەریدەبڕین".
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بە پشتبەستن بە دەزگای راگەیاندنی فەرمی حکومەتی کۆریای باکور بڵاویکردەوە، کیم جونگ ئون، رێبەری کۆریای باکور لەگەڵ بەرپرسانی حزبی کرێکارانی کۆریا، کە حزبی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیە کوبوەتەوە، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی چالاکییەکانی حزبەکەی بۆ بنیاتنان و بەهێزکردنی بەرگری نیشتیمانی وڵاتەکەی.
ئەو کۆبونەوەیەی کیم لەگەڵ حزبی دەسەڵاتدا لەپاش هەفتەیەک لە کۆبونەوەی رێبەری کۆریای باکور لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکەی دێت بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازیەکانی وڵاتەکە.
کۆریای باکور پەیمانداوە، ئەگەر تا کۆتایی ئەمساڵ داواکاریەکانی لەلایەن واشنتنەوە جێبەجێنەکرێت، دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا کۆتایی پێدەهێنێت.
خەندان
