ئەمریکا بنکەکانی حیزبوڵڵای عێراق لە سووریا و عێراق بۆردوومان دەکات
بەپێی راگەیێندراوەکە، سێ لە بنکەکان لە عێراق و دوو بنکەکانی دیکەش لە سووریا بوونە، لە نێو بنکەکاندا کۆگای چەک هەبووەو هەروەها لەم بنکانەوە پلانی هێرشکردنە سەر بنکەی سەربازی هاوپەیمان لە عێراق داڕێژراوە.
گوتەبێژی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند: "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بارەگای لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار بۆردوومانکردووە و کوژراو و بریندارێکی زۆر لە بۆردوومانکردنی بارەگاکە هەن".
لە راگەیەندراوەکەی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە کراوە، هێرشەکان لە وەڵامی هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا بووە کە بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامدراوە، کە لە هێرشەکەی کەتیبەی حیزبوڵڵا هاووڵاتییەکی ئەمریکی کوژرا و چوار سەربازی دیکەی ئەمریکی و دوو ئەندامی هێزە عێراقییەکان برینداربوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، کەتیبەی حیزبوڵڵا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران هەیە و لەلایەن ئەوانەوە پشتیوانی دەکرێن.
پێنتاگۆن هۆشداریی بە ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی داوە کە هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوەستێنن و رێز لە سەروەری عێراق بگرن، تاوەکو ئەمریکا هێرشی دیکە ئەنجامنەدات.
هێرشەکانی ئەمریکا لەکاتێکدان کە ئێوارەی رۆژی هەینی 27-12-2019 چەند مووشەکێک لە سەربازگەی کەی وەن لە کەرکووک کەوتنەوە، بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش ''پێنتاگۆن''، لە هێرشەکەدا بەڵێندەرێکی ئەمریکی کوژراوە و چوار سەربازیشیان برینداربوونە.
سەربازگەی کەی وەن دەکەوێتە رۆژئاوای كەركووك و پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بارەگای میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگە بوو، ئێستاش هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، هێزەکانی ئەمریکا و دژەتیرۆری عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی تێدان.
