پەرلەمانی تورکیا تاوتوێی ناردنی هێزی وڵاتەکەی بۆ لیبیا دەکات
پەرلەمانی تورکیا تاوتوێی ناردنی هێزی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ لیبیا، دەکات و سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) هەڵوێستی حزبەکەی ئاشکرا دەکات.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)، بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 2-1-2020، پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر داوایەکی حکوومەت بۆ ناردنی هێزی سەربازیی تورکیا بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، بدات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاندووە، ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی تورکیا دەنگ لە بەرژەوەندیی پێشنیازەکە دەدەن، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆمار دەینێرێتە پەرلەمان و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ش پشتگیریی دەکات.
پێشتر حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا داوای لە حکوومەتی تورکیا کردبوو هێزی وڵاتەکەی بنێرێتە لیبیا، بۆ بەرگرتن بە هێرشی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتی دەکات.
پێشتر رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) بڵاوی کردەوە، کە تورکیا گرووپی لیوای سوڵتان موراد، کە چەکدارەکانی تورکمانی سوورین و ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی سووریان، بۆ پاڵپشتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، دەنێرێتە ئەو وڵاتە.
تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات و لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) بەڕێوە دەبرێت، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنيوز
