ناتانیاهۆ: پەیوەندی باشی من و پوتین رێگربوە لە پێکدانانی سەربازی روسیا و ئیسڕائیل
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سوپای ئیسڕائیل رایگەیاند، "لەرابردودا چوارجار روسیا و ئیسڕائیل زۆر نزیکبونەوە لەوەی بەرەنگاربونەوەی سەربازی لەنێوانیاندا روبدات، تەنانەت هێندەی نەمابو پێکدادانی ئاسمانی لەنێوا فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و ئیسڕائیل لەسوریا روبدات".
پوتین پێی راگەیاندوم ئەگەر پەیوەندی باشی لەگەڵمدا نەبوایە، بێگومان پێکدانانی سەربازی لەنێوانیاندا رویدەدا
ناتانیاهۆ جەختیکردەوە، "پوتین پێی راگەیاندوم ئەگەر پەیوەندی باشی لەگەڵمدا نەبوایە، بێگومان پێکدانانی سەربازی لەنێوانیاندا رویدەدا".
لە 17ی سێپتەمبەری 2018، لەکاتی بۆردومانی ئاسمانی ئیسڕائیل بۆ سەر سوریا، هێزەکانی بەرگری ئاسمانی سوریا فڕۆکەیەکی روسیا-یان بەهەڵە خستەخوارەوە، بەو هۆیەوە 15 سەربازی روسیا کوژران.
بەهۆی ئەو روداوەوە پەیوەندیەکانی ئیسڕائیل و روسیا ئاڵۆزتربو، کاتێک مۆسکۆ رایگەیاند فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل فڕۆکەیەکی روسیان خستوەتە خوارەوە لەکاتی بۆردومانەکانیاندا، ئەو روداوەشی بە کارێکی دوژمنکارانە لەلایەن ئیسڕائیلەوە بۆ سەر وڵاتەکەی ناوبرد.
لەماوەی چەند ساڵی رابردودا فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل چەندین بۆردومانی ئاسمانی بو سەر خاکی سوریا ئەنجامداوە، چەندین جاریش دوپاتیکردوەتەوە کە نایانەوێت پێگەی سەربازی ئێرانی لەسەر خاکی سوریادا هەبێت، لەکاتێکدا روسیا هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەریەک لە ئێران و سوریادا پێکهێناوە.
خەندان
