پووتین: لە دروستکردنی چەکی سەروودەنگ لەپێشەوەی هەموو جیهانین

پووتین: لە دروستکردنی چەکی سەروودەنگ لەپێشەوەی هەموو جیهانین
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، رووسیا لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ئێستا لە گرنگترین کاتیدایە، چونکە خاوەنی چەکی سەروودەنگە و هیچ وڵاتێکی دیکە ئەو جۆرە چەکەی نییە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە گوتەیەکیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لە مێژووی نوێی و هاوچەرخی خۆماندا لە دۆخێکی زۆر تایبەتداین، چونکە هیچ وڵاتێکی جیهان چەکی سەروودەنگی نییە، جگە لە رووسیا".

سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئەوەی ئەو جۆرە چەکەیان هەیە، هەرگیز نەیانویستووە بۆ هیچ وڵاتێک ببنە هەڕەشە، نە لە ئێستا و نە لە سەردەمی سۆڤیەتیشدا.

هەر وەک رووسیا، هەریەکە لە ئەمریکا و چینیش هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی سەروودەنگ دەدەن و کار لەسەر ئەو پرۆژەیە دەکەن. پێشتریش لەمساڵدا حکومەتی بەیجین رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی سەروودەنگیان تاقیکردووەتەوە. هاوکات ئەمریکا گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهید مارتینی سەربازیدا واژۆکرد بۆئەوەی پەرە بە مووشەکی سەروودەنگ بدات.
Top