ئێران جارێکی دیکە تۆڕی ئینتەرنێت دادەخات

ئێران جارێکی دیکە تۆڕی ئینتەرنێت دادەخات
لە ترسی دروستبوونی شەپۆلێکی دیکەی خۆپیشاندان، دەسەڵاتدارانی ئێران لە چەندین پارێزگای وڵاتەکە تۆڕی ئینتەرنێتیان داخست. کەسوکاری قوربانییانی مانگی رابردوو لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا پۆست و نامە بۆ یەکتر دەنێرن و هەڕەشەی خۆپیشاندانێکی نوێ دەکەن.

پوویا بەختیاری لە 16ی ئۆکتۆبەر لە کەرەج لەکاتی خۆپیشانداندا گوللـەیەکی هێزە ئەمنییەکان بەر سەری کەوت و گیانی لەدەستدا و بووە هێمای خۆپیشاندانەکان. دایک و باوکی بە نیازبوون لە 26ی ئەم مانگەدا خەڵک بانگهێشتبکەن و بە کۆمەڵ یادی کوڕەکەیان بکەنەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا دایک و باوکی پوویا بەختیارییان دەستگیرکرد.

دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان هەبوو کۆبوونەوەی خەڵک ببێتە دەستپێکی خۆپیشاندانێکی نوێ، بۆیە هێڵی ئینتەرنێتیان لە پارێزگاکانی ئەلبۆرز، کوردستان و زەنجان داخست.

مانگی رابردوو خۆپیشاندان لە ئێران لە دژی زیادبوونی نرخی سووتەمی سەریهەڵدا و حکومەت بە زەبری هێز رووبەڕووی خۆپیشاندەران بووەوە. بە گوێرەی زانیاریی ئاژانسە بەریتانییەکان، زیاتر لە هەزار و 500 کەس لەو خۆپیشاندانانەدا گیانیان لەدەستداوە.

دوای گرانکردنی نرخی بەنزین لە هەزار تمەنەوە بۆ سێ هەزار تمەن، لە 15-11-2019 شەپۆلێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەشێکی زۆری شارەکانی ئێرانی گرتەوە و رێکخراو و میدیا جیهانییەکانیش ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی ژمارەی قوربانییان دەخەنەڕوو.
Top