بەرپرسێکی کوردی ڕۆژهەڵات لەسەر ڤیدیۆیەکی خامنەیی و سانا مارین دەستگیر کرا

بەرپرسێکی کوردی ڕۆژهەڵات لەسەر ڤیدیۆیەکی خامنەیی و سانا مارین دەستگیر کرا
بەرپرسێکی کوردی سەر بە ڕژێمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی تایبەت بە بەراوردکردنی نێوان ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی فنلەندا، دەستگیر کرا.

ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کردووە، ئەو بەرپرسە کوردە ناوی محەمەد پەرهامە و ئەندامی ئەنجوومەنی شاری بروجەردی لوڕستانە، دوێنێ سێشەممە ٢٤ی ١٢ی ٢٠١٩، تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە تۆڕی (ئینستاگرام) بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا بەراوردی تەمەنی خامنەیی لە لایەک و سانا مارین، سەرۆک وەزیرانە گەنجەکەی فنلەندای لە لایەکی دیکەوە کردووە.

دادگاکانی ئێران بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دامرکاندنەوەی ڕۆحی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ محەمەد پەرهام دەرکردووە. بەشێکیش لە میدیاکانی ئێران تۆمەتی سووکایەتیکردن بە خامنەیی دەدەنە پاش ئەو بەرپرسە کوردەی سەر بە ڕژێمی ئێران.

سانا مارین، ماوەیەک لەمەوبەر، وەک گەنجترین سەرۆک وەزیرانی دونیا، لە فنلەندا هەڵبژێردرا کە لەوساوە خەڵکێکی زۆر لە وڵاتان، بەراوردی نێوان تەمەنی سانا و تەمەنی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکانی خۆیان کرد.












باسنيوز
Top