ترەمپ کێشەی لەگەڵ تۆرباینی هەوا هەیە: هەرگیز لێی تێناگەم
دۆناڵد ترەمپ لە گوتەیەکدا لە کۆنفرانسی ناسراو بە "خاڵی وەرچەرخانی ئەمریکا" لە ویلایەتی فلۆریدا قسەیکرد و رایگەیاند "هیچکاتێک لە وزەی با تێنەگەیشتووم، سەرەڕای ئەوەی زانیاری باشم لەبارەی تۆڕباینی هەوا هەیە و زیاتر لە هەر کەسێکی دیکە دەربارەی تۆڕباینی هەوا دەزانم. زۆر گرانن و لە ئەڵمانیا و چین بە زۆری دروستدەکرێن"
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەخنەی لە بەکارهێنانی تۆڕباینی با گرت و گوتی، دەنگەدەنگی زۆر دروستدەکات و باڵندەی زۆریش دەکوژێت "دەکرێت هەر تۆڕباینێکی هەوا ژمارەیەکی زۆر هەڵۆی ئازا بکوژێت. ئەگەر کەسێک هەڵۆیەک بکوژێت، ئەوا بۆ 10 ساڵ زیندانی دەکرێت. ئەی بۆچی دەبێت ئاسایی بێت کاتێك تۆڕباینەکانی هەوا ئەو هەموو باڵندەیە دەکوژن؟"
دۆناڵد ترەمپ زیاتر لەبارەی بابەتەکە قسەیکرد و رایگەیاند "ئەگەر دەتەوێت گۆڕستانی باڵندە ببینیت، ئەوا رۆژێک بچۆرە ژێر تۆڕباینێکی هەوا و ئەو کاتە ژمارەیەکی هێندە زۆر باڵندەی مردوو دەبینیت کە لە ژیانتدا هێندەت نەبینیبن".
ئەمە یەکەمجار نییە دۆناڵد ترەمپ لەبارەی تۆڕباینی هەوا قسەدەکات. لە نیسانی رابردوویشدا رایگەیاند "ئەگەر لە نزیک ماڵەکەت تۆڕباینی هەوا هەیە، ئەوا پیرۆزباییت لێدەکەم، چونکە نرخی خانووەکەت 75% شکاوە. دواتریش، دەڵێن ئەو دەنگەدەنگەی تۆڕباینی هەوا دروستیدەکات دەبێتەهۆی توشبوون بە شێرپەنجە".
گوتەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک رەخنەگرتن لە پرۆژەی "Green New Deal" دێت بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن کە لەلایەن ئەلیکساندریا ئۆکاسیۆ کۆرتێز پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە دەڵێت، ئامانجی کەمکردنەوەی پیسبوونی کەشوهەوا و بەرهەمهێنانی وزەی خاوێنە.
