رۆحانی: ژاپۆن پێشنیارێکی نوێی بۆ شکاندنی سزا ئابوریەکانی ئەمریکا خستوەتەڕو
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ گەیشتنەوەی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران لەپاش سەردانەکەی بۆ ژاپۆن و مالیزیا رایگەیاند، "ئێران گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ژاپۆن و وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی چڕتر بەردەوامی پێدەدات، بۆ شکاندنی ئەو سزا ئابوریانەی کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەپاندویەتی بەسەر تاراندا".
ژاپۆن پێشنیارێکی خستەڕو بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزا ئابوریانە، لەئێستادا گفتوگۆ لەبارەیەوە بەردەوامە
ئاماژەی بەوەشکرد، ژاپۆن پێشنیارێکی خستەڕو بۆ تێپەڕاندنی ئەو سزا ئابوریانە، لەئێستادا گفتوگۆ لەبارەیەوە بەردەوامە، رۆحانی رەتیکردەوە هیچ وردەکارییەکی ئەو پێشنیارە ئاشکرا بکات.
ژاپۆن سوربونی خۆی بۆ دەستپێکردن پرۆسەیەکی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو دوپاتکردەوە
لە کۆبونەوەکانی نێوان رۆحانی و شینزۆ ئابی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، ژاپۆن سوربونی خۆی بۆ دەستپێکردن پرۆسەیەکی ئەمنی لە ناوچەی کەنداو دوپاتکردەوە، بەمەبەستی پاراستنی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان لە گەروی هورمز و رێڕەوە ئاویەکانی ئەو ناوچەی کەنداو بەتایبەتی و باشترکردنی رەوشی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی.
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتێکانە
سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردەوە، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتێکانە و "هیچ دەستکەوتێکی نابێت بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا".
لەبارەی رێککەوتنامەی ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 رۆحانی وتی، "رێککەوتننامە ئەتۆمیەکە لە بەرژەوەندی هەمو حکومەت و لایەنەکانە، ئەم کێشەیەش چارەسەر ناکرێت ئەگەر واشنتن واز لەو رێگەیە نەهێنێت کە هەڵیبژاردوە".
ساڵی رابردو 2018 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 بەچەند قۆناغێک کشایەوە
ساڵی رابردو 2018 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 بەچەند قۆناغێک کشایەوە، دوبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
تاران تێپەڕاندنی سزا ئابوریەکانی واشنتن بە کارێکی پێویستی نیشتیمانی دادەنێت\
رۆحانی وتیشی، "تاران تێپەڕاندنی سزا ئابوریەکانی واشنتن بە کارێکی پێویستی نیشتیمانی دادەنێت و ئەرکی سەر شانی ئێمەشە، هەمو وڵاتانی جیهانیش لەدژی سزاکانی ئەمریکان بۆ سەر وڵاتەکەم جگە لە دەوڵەتێک یان دو دەوڵەت نەبێت".
ئەو سزایانەی ئەمریکا بەسەر ئێران سەپاندویەتی بریتین لە، قەدەغەکردنی کرینی نەوت لە ئێران، بلۆککردنی بانکی ناوەندی تاران، راگرتنی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە و چەندین سزای دیکەی ئابوری.
خەندان-
