لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئیدلب حەوت کەس دەکوژرێن

لە هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ئیدلب حەوت کەس دەکوژرێن
لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە ئیدلب، حەوت کەس کوژران و زیاتر لە 12 کەسی دیکەش برینداربوون.

هێرشەکە بۆ سەر ناوچەی سەراقیب لە باکووری رۆژئاوای ئیدلب ئەنجامدراوە، ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتی سووریا هێرشەکانی بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری ئیدلب دەستپێکردووە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو دوو گوندیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

کارمەندانی فریاگوزاری دۆخی مرۆیی ئیدلب بە "دۆخێکی کارەساتبار" ناودەبەن، کارمەندێک دەڵێت "بە هەزاران کەس دەربەدەربوون، دۆخێکی مرۆیی کارەساتبارە، خەڵک دەبینین لەسەر شەقامەکان چاوەڕێی ئۆتۆمبێل دەکەن بۆئەوەی هەڵیانگرێت و بیانباتە دەرەوەی ئیدلب"، بەڵام بەهۆی کورتهێنانی سووتەمەنییەوە جوڵەی هاووڵاتییانی مەدەنی سنووردار بووە.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکات کە لە ماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە 400 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئیدلب ئەنجامدراون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لەوەتەی حکومەتی سووریا هێرشەکانی بۆسەر ئیدلب چڕکردووەتەوە زیاتر لە 60 هەزار کەس لە ئیدلب ئاوارەبوون.

بەپێی روانگەی سووری، هەفتەی رابردوو زیاتر لە 80 کەس کوژراون، ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەوە دەخەنەڕوو کە لە کۆتایی مانگی نیسانی 2019وە، کاتێک حکومەتی سووریا دەستی بە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دژ بە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن کرد، زیاتر لە 400 هەزار کەس ئاوارەبوون.
Top