وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووسیا و چین: خوێن بە دەستتانەوەیە
مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا دەڵێت، رێگریکردن لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بە ملیۆنان خەڵک لە سووریا جێگەی شەرمەزارییە.
رۆژی هەینی 20-12-2019 ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی سووریا رەشنووسی پرۆژەیەکی بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە خەڵکی ئیدلب خستە دەنگدانەوە، هەریەک لە رووسیا و چین دژی وەستانەوە و ڤیتۆیان کرد.
رەشنووسەکە لەلایەن ئەڵمانیا، بەلجیکا و کوەیتەوە ئامادەکرابوو، جەختی لەوە دەکردەوە کە دەبێت رێگە بدرێت بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە یارمەتیی مرۆیی لە رێگەی سێ خاڵی سنوورییەوە بگەیێندرێتە خەڵکی سووریا؛ دووان لە خاڵە سنوورییەکان لەنێوان سووریا و تورکیا و ئەوی دیکەشیان لەنێوان عێراق و سووریادایە.
رووسیا و چین ئاماژەیان بەوە کرد، دەبێت گەیاندنی ئەو یارمەتییە مرۆییە تەنیا لە رێگەی دوو خاڵە سنوورییەکەی تورکیاوە و بۆ ماوەی شەش مانگیش بێت، نەوەک ساڵێک.
