حەریری دەستبەرداری خۆکاندیدکردنەوە بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت دەبێت
سەرۆکی رەوتی موستەقبەل دەستبەرداری خۆکاندیدکردنەوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان دەبێت.
لە زنجیرەیەک تویتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، سەعد حەریری، سەرۆکی رەتی موستەقبەل و سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی لوبنان رایگەیاندووە، تەنیا حکوومەتێک بە وەزیرانی پسپۆڕ دەتوانێ دۆخی وڵاتەکەی ئاسایی بکاتەوە.
سەعد حەریری هەروەها رایگەیاندووە، بەهۆی هەڵوێستی لایەنەکان لە قبوڵنەکردنی پێکهێنانی حکوومەتێک بە کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند لە ئەرکەکانیان، ”نابمە کاندیدی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو“.
دوای دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری لە سەرۆکایەتیی حکوومەتی لوبنان بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەران، سەمیر خەتیبی خاوەن کار دیارترین کاندیدی سوننەکان بوو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەت، بەڵام رۆژی یەکشەممە 8-12-2019، سوننەکان رێککەوتن لەسەر کاندیدکردنەوەی سەعد حەریری بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێ.
خۆپیشاندانەکانی لوبنان لە ئێوارەی رۆژی 17-10-2019ـەوە دەستیان پێ کردووە و تێیدا خۆپیشاندەران داوای چاکسازی و هەلوەشاندنەوەی حکوومەتی وڵاتەکەیان، دەکەن.
لوبنان وڵاتێکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لە هەرسێ پێکهاتەی عەرەبی سوننە، عەرەبی شیعە و مەسیحی پێک دێت و پۆستە سیادییەکان بەپێی عورفێک بەمشێوەیە یەکلا کراونەتەوە؛
- سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ پێکهاتەی مەسیحی
- سەرۆکایەتیی وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننەمەزهەب
- سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی شیعەمەزهەب
بەهۆی ناکۆکیی سیاسیی و دەستوەردانی وڵاتانی دەرەکی، لە ساڵی 1975 تا 1990 شەڕی ناوخۆیی لەنێوان پێکهاتەکان دروست بوو و بووە هۆی کوژرانی 120 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتەکە.
باسنيوز
