ئەمریکا داوای روونکردنەوە لە تورکیا دەکات

ئەمریکا داوای روونکردنەوە لە تورکیا دەکات
بەهۆی هەڕەشەیەکی سەرکۆماری تورکیاوە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا داوای روونکردنەوە لەو وڵاتە دەکات.

مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، پێویستیی بەوەیە لەگەڵ خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا قسە بکات لەبارەی هەڕەشەی رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا بە داخستی دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتەکەی.

مارک ئیسپەر هەروەها رایگەیاندووە، ئەو هەڕەشەیە زیاتر لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کراوە و دەبێ تورکیا، کە ئەندامی ناتۆیە، پابەندیی خۆی بە ناتۆ دەرببڕێ.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، کە داوا لە خوڵوسی ئاکار دەکات روونکردنەوە لەبارەی هەڕەشەی داخستنی بنکە سەربازییەکان بدات و نیگەرانیی خۆیشی لە دوورکەوتنەوەی تورکیا لە ناتۆ و نزیکبوونەوەی لە رووسیا، دەربڕی.

پێشتر رەجەب تەییب ئەردۆغان هەڕەشەی کردبوو، کە ئەگەر ئەمریکا بەردەوام بێ لە گوشارەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی، ئەوا بنکەی سەربازیی ئاسمانییەکانی ئەمریکا (ئینجەرلیک و کوریجیک)، دادەخەن.












باسنيوز
Top