پێنتاگۆن وه‌ڵامی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان ده‌داته‌وه
وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاندووه، بوونی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا له‌و دوو بنكه‌یه به ره‌زامه‌ندی حكوومه‌تی توركیا بووه.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، ئه‌مه‌ریكا وه‌ك سێمبولێك ده‌ڕوانێته بوونی هێزه‌كانی له توركیا و له چوارچێوه‌ی هاریكارییه‌كی ماوه‌درێژه بۆ پاراستنی هاوپه‌یمانێكی ناتۆ و هاوبه‌شێكی ستراتیژی واشنتن.
ماوه ماوه په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا گژری به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن به‌تایبه‌تی به‌هۆی كڕینی سیستمی به‌رگریی ئاسمانی ئێس-400ـی رووسی، په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاڵۆزی تێكه‌وتووه و چه‌ندین جار كه دوایینیان هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانه له واشنتن، باسی داخستنی ئه‌و دوو بنكه سه‌ربازییه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له‌و وڵاته‌دا ئه‌گه‌ر هاتوو واشنتن په‌نای بۆ سزادانی توركیا برد. چونكه واشنتن بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه به‌هۆی كڕینی ئه‌و سیستمه رووسییه‌وه سزا به‌سه‌ر ئه‌نقه‌ره‌دا بسه‌پێنێ.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاندبوو، له ئه‌گه‌ری سزادانی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكاوه وه‌ڵامیان ده‌بێت و هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی بنكه‌ی ئه‌نجه‌رلیكیش ده‌كات، كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه به‌كارده‌هێنرێت.
ئه‌ردۆغان له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی "A Haber"ی توركی رایگه‌یاند، بێگومان توركیا وه‌ڵامی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و سزایانه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێت كه له‌لایه‌ن یاسادانه‌رانی ئه‌مه‌ریكاوه له كۆنگرێس ده‌خرێنه‌سه‌ری.
ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد، كه بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجه‌رلیكی ئه‌مه‌ریكا و كوره‌جیكی ناتۆ كه سیسته‌می به‌رگری مووشه‌كی تێدا جێگیركراوه، له وڵاته‌كه‌ی داده‌خات، ئه‌گه‌ر سزاكان جێبه‌جێ بكرێن.
K24
