ئەردۆغان: لە مەخمووریش پەکەکە ببینین لێیاندەدەین
رۆژی (یەکشەممە 15-12-2019) لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی چەند پرسیارێکی تایبەت بە رۆژەڤی تورکیا و ناوچەکەی دایەوە.
لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، ئەردۆغان جەختی لەسەر بەردەوامیی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر قەندیل کردەوە و گوتی "ئێمە لە شنگال و مەخمووریش پەکەکە ببینین لێیدەدەین. پەکەکەمان لە باکووری عێراقدا لە جووڵە خستووە. کەمپی مەخموور بووەتە لانەی تیرۆریستان و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە دیدارداین".
سەرۆککۆماری تورکیا ناڕاستەوخۆ عێراق و هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی زوو هەنگاویان دژی پەکەکە نەناوە، باسی لە رووداوی کوژرانی دیپلۆماتکارەکەی کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر کرد و گوتی "بەهۆی ئەوەی لە عێراق لەکاتی خۆیدا هەنگاوی پێویست نەنرا، پەکەکە چالاکییەکان چڕکردووەتەوە. ئەمڕۆ شنگال لە سەروبەندی ئەوەیە ببێتە قەندیلی دووەم. ئەو تیرۆریستانەی دیپلۆماتەکەی ئێمەیان لە شاری هەولێر کوشت، دەرکەوت پەیوەندییان لەگەڵ مەخموور هەیە".
ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەمریکا لە بابەتی یەپەگەدا لەگەڵیان راستگۆ نییە.
