ئەمریکا چوار هەزار سەربازی دیکە لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە
بڕیارە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەم هەفتەیەدا بڕیاری کشاندنەوەی چوار هەزار سەربازی دیکە لە ئەفغانستان رابگەیێنێت، ئەمەش دوای دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ئاشتییە لە نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا.
گوتەبێژێکی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئەرک و پاڵپشتییەکانیان بۆ هاوپەیمانەکانیان بەردەوام دەبن و رایگەیاندووە "هیچ فەرمانێکمان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکانمان لە ئەفغانستان بەدەستنەگەیشتووە".
ئەو گوتەبێژەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان کە ناوی خۆی ئاشکرانەکردووە، بە میدیاکانی ئەمریکای گوتووە "دڵنیایی دەدەین کە هەرگیز جارێکی دیکە ئەفغانستان وەکو پەناگەیەک لەلایەن تیرۆریستانەوە کە هەڕەشەن بۆسەر ئەمریکا، هاوپەیمان و بەرژەوەندییەکانمان، بەکارناهێنرێتەوە".
کشاندنەوەی ئەو چوار هەزار سەربازە لە ئەفغانستان لەکاتێکدایە کە ئێستا ئەمریکا نزیکەی 13 هەزار سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە. مانگی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەنیازە ژمارەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان بۆ هەشت هەزار و 500 سەرباز کەمبکاتەوە.
