عەلی باباجانیش لە راگەیاندنی پارتەكەی نزیك بووەتەوە

 عەلی باباجانیش لە راگەیاندنی پارتەكەی نزیك بووەتەوە
عەلی باباجان، کە سەركردەیەكی دیاری پێشووتری ئاكەپەیە، لە سەرەتای مانگی ١ی٢٠٢٠دا پارتە تازەكەی رادەگەیەنێت و، یەكێك لە سەركردە باڵاكانی پێشووتری ئاكەپەش كە كوردە لەناو دامەزرێنەرانی ئەو پارتە دایە.

میدیاكانی سەر بە ئاكەپە بڵاویان كردەوە، كە دوای ئەحمەد داودئۆغلو، عەلی باباجانیش لە راگەیاندنی پارتەكەی نزیك بووەتەوە، كە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ دەبێت.

رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی سەر بە ئاكەپە ئاشكرای دەكات، باباجان هەموو ئامادەكارییەكانی پارتە تازەكەی تەواو كردووە، كە دەستەی دامەزرێنەران لە ٥٠ كەس پێك دەبێت.

هەمان رۆژنامە ئاشكرای کردووە محەمەد شیمشەك، كە پێشتر یەكێك بووە لە سەركردە باڵاكانی ئاكەپە و وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران بووە لەسەر لیستی ئاكەپە، دەبێتە یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتە تازەكەی باباجان.

شیمشەك بە رەگەز كوردە و لە چەندین دیمانەشدا دانی بەوەدا ناوە كە كوردە، میدیاكانی توركیاش هەر وەكوو كوردێك باسی دەكەن.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا نزیكەكانی ئاكەپە بڵاو كراونەتەوە، عەبدوڵا گویل ١١ەمین سەرۆك كۆماری توركیا، لە دەرەوەی پارت پشتگیری لە عەلی باباجان دەكات، واتە ئەو نایەتە ناو ئەو پارتە و هیچ بەرپرسیارییەتییەكیش وەرناگرێت، بەڵام یەكێكە لەو كەسایەتییانەی دەبێتە پاڵپشتییەكی گرنگی عەلی باباجان.

باباجان ناوی بۆ پارتەكەی داناوە و لەسەریشی رێك كەوتوون، هەروەها لۆگۆی پارتەكەشی یەكلایی كردووەتەوە، لە سەرەتا ٢٠٢٠ پارتە رادەگەیەنێت، بەمەش توركیا پێ دەنێتە قۆناغێكی تازەوە، چونكە لە ماوەی یەك مانگدا ٢ پارتی تازە لەدایك دەبن، كە ئەو ٢ پارتەش لە هەناوی ئەكەپە لەدایك دەبن و هەردوو سەرۆكی پارت، پێشتر سەركردەی باڵای ئاكەپە بوونە.



باسنيوز
Top