کۆنگرێس ماوەی مانگێک مۆڵەت دەداتە CIA بۆ دەستنیشانکردنی بکوژی خاشقچی
جارید کۆشنەر دانوستانی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس کردوە بۆ سڕینەوەی ئەو بەندانەی کە بەرپرسیارێتی کوشتنی خاشقچی و شەڕی یەمەنی کردوەتە ئەستۆی حکومەتی سعودیە
بەپێی هەواڵێکی The guardian ی ئەمریکی، جارید کۆشنەر، زاواو و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، وەک نوێنەری کۆشکی سپی دانوستانی لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا کردوە بۆ سڕینەوەی ئەو بەندانەی کە بەرپرسیارێتی کوشتنی جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی سعودیە و شەڕی یەمەنی کردوەتە ئەستۆی حکومەتی سعودیە، لە پڕۆژە یاسای سەربازی ساڵانەی وڵاتەکەیان.
کۆپی کۆتایی ئەو پڕۆژە یاسایە لەئێستادا پارێزراوە، تا ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا(CIA)، لەماوەی 30 رۆژدا یەکلایی دەکاتەوە
ئاماژەی بەوەشکردوە، کۆپی کۆتایی ئەو پڕۆژە یاسایە لەئێستادا پارێزراوە، تا ئەو کاتەی دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا(CIA)، لەماوەی 30 رۆژدا یەکلایی دەکاتەوە، ئایا محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێگرەوەی سعودیە بە بەرپرسبوە لە کوشتنی خاشقچی یاخو نا.
سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2018 رۆژنامەنوسی بەناوبانگی سعودی جەمال خاشقچی، دوای چونی بۆ كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ دەستگیركرا و دواتر هەواڵی کوژرانی لەلایەن کارمەندانی کونسوڵخانەکەوە بڵاوکرایەوە.
تۆم مالینۆسکی، ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەمریکا لەکۆنگرێس رایگەیاند، راپۆرتەکانی ئەمریکا لەئێستادا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرپرسیارێتی کوشتنی خاشقچی دەخەنە ئەستۆی محەمەد بن سەلمان، پێویستە لەسەر CIA وەڵامێکی رونیان لەوبارەیەوە پێبدات.
ئاساییە ئەگەر کۆشکی سپی ئەمریکا فشاربکاتە سەر بەڕێوەبەری CIA، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی جیاوازمان پێڕابگەیەنێت
باسی لەوەشکرد، "ئاساییە ئەگەر کۆشکی سپی ئەمریکا فشاربکاتە سەر بەڕێوەبەری CIA، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی جیاوازمان پێڕابگەیەنێت".
رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی بە درێژی 2017 وتاری نوسیوە و رەخنەی لە سیاسەتی سعودیە گرتوە بەرامبەر بە قەتەر، كەنەدا و شەڕی یەمەن، هەڵمەتی حكومەتی ریاز دژی دژبەرانی لە ناوخۆی سعودیە.
خاشقچی ساڵی 1958 لە شاری مەدینەی سعودیە لە دایكبوە و سەرنوسەری رۆژنامەی عەرەب نیوز و وەتەنی سعودیە بوە، لە ساڵی 2004 راوێژكاری راگەیاندنی تركی فەیسەڵ، باڵیۆزی وڵاتەكەی بوە لە بریتانیا و دواتر لە واشنتن.
خەندان-
