ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا دانی بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکاندا نا
بۆب مینیندز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، "دەنگمان بە بڕیاری جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دا و ئەوەش کارێکی راستە کە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کردی و ئەم کارەی واتای ئەوەیە لەسەر رێگەی راستی مێژوو دەڕوات".
تێد کرووز، سیناتۆری تەکساسیش لەبارەی دەنگدانەکە گوتی "ئەمە سێیەمین هەفتەیە لەسەریەک کە دەمانەوێت دەنگ لەسەر ئەم پڕۆژەیە بدرێت. سوپاسگوزارم کە ئەمڕۆ سەرکەوتنمان بەدەستهێنا".
هەنگاوەکەی ئەنجوومەنی پیران لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەش لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیران دەنگیدا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، ئەوەش لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و کڕینی سیستمی ئێس 400ی رووسی.
لە کۆتایی تشرینی یەکەمی رابردوویشدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی بە جینۆساید ناساند.
هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ تورکیادا ئاساییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی کۆنگرێس لە سیاسەتەکانی تورکیا توڕەن، بەتایبەتی لە هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و کڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی رووسی.
پرۆسەی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان لە ساڵی 1915 تاوەکو 1923 لەلایەن ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ئەنجامدرا و تێیدا یەک ملیۆن و نیو ئەرمەنی کوژران.
تاوەکو ئێستاش 39 حکومەت و پەرلەمان کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان "بەجینۆساید" ناساندووە و "گرنگترین" ناساندنیش لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بوو. ئەو هەنگاوە کێشەیەکی دیپلۆماسی گەورەی لە نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا درووست کرد.
کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانییش کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانیان وەک "جینۆساید" ناساندووە وەک: نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی ئەوروپا، ئەنجوومەنی کەنیسەی جیهانی و رێکخراوی مافی مرۆڤ.
لەسەر ئاستی کەسایەتییەکانیش، لە ساڵی 2007 دا 35 کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵ، پێکەوە یاداشتێکیان واژۆکرد و کۆمەڵکوژییەکەیان بە "جینۆساید" ناساند.
