پنتاگۆن: بەتوندترین شێوە وەڵامی ئێران دەدەینەوە

پنتاگۆن: بەتوندترین شێوە وەڵامی ئێران دەدەینەوە
وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنی هێزە بەرگریەکانی و پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ روبەڕوبونەوی هەڕەشەکانی ئێران کە ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دەشێوێنێت، پەیمانیشیدا کە بەتوندی وەڵامی ئەو هەڕەشانە بداتەوە.

شەوی رابردو مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەمیانەی کۆنگرەکی رۆژنامەواندا، لەبەردەم هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند"هەوڵەکانی ئێران لەم مانگانەی کۆتایدا زیادی کردوە، بۆ شێواندنی ئاسایشی ناوچەکانی دەوروبەری، بەجۆرێک هێرشی کردە سەر کێڵگە نەوتیەکانی سعودیە، هەروەها گەشەسەندنە بازگانیەکانی گەروی هورمزی راگرتوە، و فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانیی ئەمریکی خستە خوارەوە و پاڵپشتی کۆمەڵێک گروپی چەکداریش دەکات".

بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئێران هێزە بەرگریەکانمان لەناوچەکە زیادکردوە



رونیشیکردەوە"بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئێران هێزە بەرگریەکانمان لەناوچەکە زیادکردوە و چەندین هاوپەیمانێتیمان پێکهێناوە، بۆ پاراستنی وڵاتانی هاوپەیمانمان لەو ناوچەیە".

ئیسپەر وتیشی"لەمانگی ئایاری ئەمساڵەوە زیاتر لە 14هەزار سەربازمان لەو ناوچەیە بڵاوە پێکردوە، بۆ پابەنبونمان بە پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لەو ناوچەیە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی دیکە کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر ئەو وڵاتانەی ناوچەکە ئەنجامبدرێت".

هاوکات وەزیری بەرگری ئەمریکا پەیمانیشیدا کە بەتوندترین شێوە وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەداتەوە، کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر بەرژەوەنیەکانیان یاخود هێزەکانیان ئەنجامبدرێت.

لەکۆتای وتەکانیدا ئەوەشی راگەیاند"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە 18 مانگی رابردودا زۆرترین فشاری ئابوری و سیاسی خستوەتە سەر تاران، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، کە باشترین چارەسەرە بۆ نەهێشتنی هەرەشەکانی ئێران".

ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە، مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند فشارەکانیان لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامدەبن، تا ئەو وڵاتە مامەڵەی خۆی دەگۆڕێت، سەپاندنی و سزای نوێی بەسەر چەند کۆمپانیا و کەسایەتییەکی دیکەی ئێراندا ئشکرا کرد.

بەگوێرەی وتەکانی پۆمپیۆ، چەند کۆمپانیایەکی کەشتیوانی و فرۆکەوانی ئێران بەر سزاکانی واشنتن کەوتون، دیارترینیشیان کۆمپانای میهان ئەیەرە.




خەندان
Top